Skip to the content

کۆنسوڵی گشتی میرنشینی ئیماڕاتی عەرەبی لە هەولێر سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٤/١٢ کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە ئامادەبوونى بریکارانى وەزارەت بۆ کاروبارى بازرگانى و پیشەسازى و ڕاوێژکارى پەیوەندییەکان پیشوازیان لە کۆنسوڵى گشتى میرنیشینى ئیماراتی عەرەبی لە هەولێر کرد.

لە سەرەتادا وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بەخێرهاتنى گەرمى میوانانی کرد و کورتە باسێکى سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا خستە ڕوو و ئومێدی خواست، که کۆمپانیاکانى ئیماڕاتى عەرەبی به ئەزموونەوە لقەکانیان له هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

لە دانیشتنەكەدا چەندین بیروڕا و پیشنیاز ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە چۆنییەتى کاراکردنەوەى پەیوەندییەکانى ئابوورى لەگەڵ ئیماڕات لە دەرفەتێكی نزیکدا، ئەمە و سەرەڕاى بەشداریکردنى کەرتى تایبەتى کوردستان لە گشت چالاکیەکانى بازرگانی و کار و پڕۆژەکان بۆ وەرگرتنى ئەزموون و کارى هاوبەش.