Skip to the content

پێدانی مۆڵەتی کارکردن و کاروباری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشت و گوزار ڕێک دەخرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٤/ ١٢/ ٢٠٢١ (بڵند محه‌مه‌د مەولود) بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە یاوەریی (کازم مەغدید) بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتیمانیەکان و (پشتیوان مسته‌فا) بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی هەولێر، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکانی گەشتو گوزار و فڕۆکەوانی و چارەسەری کێشەکانیان، سەردانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاریان کرد و لەلایەن ( ئەمەل جەلال) سەرۆکی دەستە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی (لاوەند جەمال مەموندی) سەرۆکی يەكێتی كۆمپانياكانی فڕۆكەوانی و گەشتياری له هەرێمی كوردستان باس لە چەندین تەوەر کرا لەوانە: کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی کەرتی گەشتیاری و چۆنیەتی دۆزینەوەی ڕێگه‌ی چارەسەر بۆ کارئاسانی و هاندانی ئەو کەرتە کە گرنگییەکی ئەوتۆی لە کەرتی بازرگانی و گەشتیاریدا هەیە، هەر لە کۆبوونەوه‌کەدا پێشنیارکرا کە پێدانی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی گەشتیاری رێکبخرێنەوە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پاڵپشتیی تەواوی بۆ ئەم بابەتە دەربڕی، لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکبهێندرێت بۆ بەردەوام بوونی هەماهەنگی و دانانی میکانزمێک بۆ ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتو گوزار و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان بە مەبەستی پێشخستن و هاندانی کەرتی تایبەت لە بواری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا.