پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کۆبونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ یەک شەممە 2021/2/28 شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و لێژنەى سامانە سروشتیەکانى پەرلەمان سەردانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى کرد ولەلایەن وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى و بریکارەکانى کاروبارى بازرگانى و پیشەسازى و ڕاوێژکاران و ب. گشتیەکانى وەزارەت پیشوازیان لێکرا. لە میانەى ئەو سەردانەدا کۆبوونەوەیەکى فەرمى ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانەى خوارەوە :
یەکەم/ کارکردنى هاوبەش بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى یاسایی لەبار بۆ هەرێمى کوردستان سەبارەت بە ڕەوشی بازرگانى و کارگەکان و هاوردن و هەناردە و یارمەتى دانى کەرتى تایبەت بۆ هینانەدى کەلتورى بەرهەم هێنان لەجیاتى هاوردنى کەل و پەل .
دووەم / بەدواداچوون بۆ ئەو یاسایانەى ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمان کراون بۆ پەلەکردن لە دەرچوونى یاساى گونجا و یاخود هەموارکردنەوەى یاخود ئینفاز کردنى یاساکانى عیراقی وەک یاساى پاراستنى بەروبوومى ناوخۆ .
سێیەم / بەدواداچوون بۆ پرۆژەکانى وەزارەت وەک دروستکردنى سایلۆکان و ناوچە پیشەسازیەکان و خێراکردن و پیشکەشکردنى ئاسانکارى بۆ پڕۆسەى ئەنجامدانى پڕۆژەکان .
چوارەم / خێراکردنى بڕیاردان لە دانانى نوێنەراتى لە دەروازەکان بۆ کۆنترۆلکردنى هاوردەکردنى کەل و پەل .
پێنجەم / پەیوەندیەکانمان لەگەل لایەنى پەیوەندیدار لە بەغدا بۆ ڕاپەراندنى چالاکیەکان بۆ بەرژەوەندى هاوڵاتیان .
شەشەم / ڕەوشى کارگەکان و هەموارکردنەوەى یاساى پەرەپێدانى پیشەسازى .
حەوتەم / موڵکەکانى وەزارەت و گونجاوترین ڕێکارى یاسایی بۆ فرۆشتنى یاخود بەکرێ دانى .
هەشتەم / ئەکتیفکردنى یاسای پاراستنى بەکاربەر و ئەنجومەنى تایبەت بەو بابەتە.
نۆیەم / دوا ڕێکارەکانى وەزارەت سەبارەت بە یاساى چاکسازى و ناردنى بۆ پەرلەمانى کوردستان .
پاشان چەندین بابەتى تر تاوتۆکران و لەلایەن وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى و بریکارەکان وەلامیان دراوە و بریار درا که هەماهەنگى تەواو لە نێوان هەردوولایەن هەبێت و ڕاپۆرتێکى ووردەکارى بۆ پەرلەمان بنێردرێت.