بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ، بە پێویستی زانی میكانیزمێكی گونجاو دابنرێت تا كارەكان بە باشترین شێوە ڕایی بكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٨/ ١١/ ٢٠٢١ (بڵند محەمەد مەولود مەم) بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە یاوەریی ژمارەیەك بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان سەردانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە بەغدا.
سەردانەكە بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانزمێكی گونجاو كە ببێتە هۆی كارئاسانی و خێرا بەڕێكردنی مامەڵەی كۆمپانیاكان، لە هەمان ڕۆژدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان چاوی كەوت بە (فارس عیسا) وەزیری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و بە ئامادەبوونی (بەختیار حاجی) بەڕێوەبەری گشتیی لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، لە دانیشتنێكدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان تیشكی خستە سەر هەماهەنگی و دانانی میكانیزمێكی گونجاو تا كارەكان بە باشترین شێوە ڕایی بكرێن، لە بەرامبەریشدا وەزیر ئامادەیی خۆی پیشاندا كە پاڵپشتی كۆمپانیاكان بكەن و كارئاسانی بكەن لە پەلە ناردنی نووسراوەكان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمەوە، لە كۆتاییشدا بڕیاردرا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی نووسراوەكان ئاراستەی وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت تا كاری ڕۆتین و درەنگ بەڕێكردنی كاروبارەكان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا جێبەجێ بكرێت.