سەبەتە خۆراکی تایبەت بە هەر خێزانێکی زیان لێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر دەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی داویەتی بۆ بە هاناوەچوونی زیان لێکەوتوانی لافاوەکەی دەوروبەری شاری هەولێر.
دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر ئەو رووداوە نەخوازراوە کرد، وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵ ئامادەیی دەربڕی کە سەبەتە خۆراک بۆ ( ٥٥٠) پێنج سەدو پەنجا خێزان بدات ئەوانەی ماڵ و کەرەستەکانیان بەر لافاوەکە کەوتووە، رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/١١/٩ ئەو بەشەخۆراکە گەیشت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەل و پەلی خۆراکی هەولێر وەرگیراوە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخۆازی بارزانی دەست بە دابەشکردنی بەشە خۆراکەکە دەکرێت، جێ ئاماژەیە بەشە خۆراکەکە پێک هاتووە لە (فەردە شەکرێک)، (کارتۆنێک زەیت)، هەروەها نیسک و نۆک و برنج و دۆشاو بۆ هەر خێزانێک ئامادەکراوە، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژاو لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان دەگاتە دەست ئەو خانەوادانە.