كۆمەڵێك خاوەن سەرمایە و چەند كۆمپانیایهكی توركیا بڕیاریانداوە كاری بازرگانی و پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان بەگەڕ بخەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 29-11-2021 (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزارەت بۆ كاروباری پەیوەندییەكان پێشوازییان كرد لە كۆمەڵێك نوێنەران و خاوەن سەرمایە و كۆمپانیاكانی توركیا لە چەندین تایبەتمەندی و سێكتەری جیاواز.
لە سەرەتادا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەخێرهاتنی شاندی كۆمپانیاكانی توركی كرد و دووپاتیشی كردەوە كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هاوكار دەبێت بۆ هەر پڕۆژەیەكی پیشەسازی یاخود بازرگانی، لە كاتێكدا كۆمپانیاكانی توركیا خاوەن ئەزموونی زۆرن لە بوارەكانی ئاماژەپێكراودا، شایانی باسە ئەندامانی شاندی كۆمپانیاكانی توركیا خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا بەرامبەر پێشوازیەكە و بڕیاریانداوە كاری بازرگانی و پڕۆژەكانیان لە ناو هەرێمی كوردستاندا بەگەڕ بخەن و لقی كۆمپانیاكانیان لە وەزارەت تۆمار بكەن تا لە داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان كار و چاڵاكی و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن.