وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و كونسوڵگەری سعودیە، تاوتوێی پەرەپێدان و گرنگیدان بە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 14-11-2021 (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و ڕاوێژكاری پەیوەندییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، پێشوازیان لە محەمەد سلێمان عسیری، كونسوڵی گشتیی سعودیە و كونسوڵی بازرگانی سعودیە و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەیوەندییەكان كرد.
لە میانی ئەم سەردانەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ هاتنی شاندی میوان، هیوای خواست بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولایەن زیاتر پەرە بە كار و چاڵاكییەكان بدەن، هەروەها دەرگای كاركردن و بازرگانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و بازرگانانی سعودیە واڵا كردەوە تا لە هەرێمی كوردستان سەرمایەكانیان بخەنەگهڕ.
هەر لە دانیشتنەكەدا كونسوڵی سعودیە، گەشبینی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان بەدیهاتووە بە گشتی و هەردوو سێكتەری بازرگانی و پیشەسازی بە تایبەتی، بەڵێنی ئەوەشی دا كە بە تەواویی هاوكاری وەزارەت و حكومەت و كەرتی تایبەتی كوردستان دەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی زیاتر و كار و پڕۆژەی هەمە جۆر له نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعودیە.