داتای تۆماری كۆمپانیاكانی هەرێم و بەغدا به یهكتریهوه دهبهسترێنهوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٨/ ١١/ ٢٠٢١ (بڵند محهمهد مەولود مەم) بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە یاوەریی ژمارەیەك بەڕێوەبەری فەرمانگە و ئامادەبوونی (بەختیار حاجی) بەڕێوەبەری گشتیی لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ (مجاهد حمد شافی العیفان) بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركاری كۆمپانیاكانی بەغدا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا درا و ژمارەیەك بڕیار و ڕاسپاردەش بۆ كارئاسانی و چاڵاكی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكە درا، چەندین بڕیاریش لە خزمەت وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان گفتوگۆیان لەسەر كرا بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بە پێی ڕێنماییەكانەوە ڕایی بكرێت، لە كۆبوونەوەكەدا زیاتر جەخت كرایە سەر چەند تەوەرێك لەوانە، ڕێكەوتن لەسەر ناردنی نووسراوەكان لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی كرا، كە دەبێتە هۆی نەهیشتنی ڕۆتین و ئاسان گەیاندنی پەیام و نووسراوی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا ههروهها بەستنەوەی داتای تۆماری كۆمپانیاكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی بە مەبەستی فراوانكردنی چوارچێوەی پاراستنی ناوی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق و هەروەها گواستنەوەی زانیاری دۆسیەی كۆمپانیاكان لە نێوان هەردوولا و ڕێككەوتن لەسەر چەند خاڵێكی دیكە كرا كە پەیوەندییان بە ڕێكارەكانی دامەزراندن و پاكتاوكردن و بودجەی كۆمپانیاكانەوە هەیە.