وۆركشۆپێک لەبارەی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی بەشە خۆراكی مانگانە بەڕێوەدەچێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 14-11-2021 ( سەروەر كەمال هاواری) بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی سەرپەرشتی كردنەوەی وۆرکشۆپی ( پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنی كردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە عێراق) لە هوتێل كریستاڵ لە هەولێر كرد.
وۆركشۆپەكە لە ژێر ناوی (پرۆژەی بە ئەلكترۆنی كردنی بەشەخۆراكی مانگانە بەرەوحكومەتی ئەلكترۆنی) لە شاری هەولێر لەلایەن ( رێكخراوی خۆراكی جیهانی ) بە هاوكاری هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوە، ماوەی سێ ڕۆژدەخایەنێت كە لە رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە و سێشەممە 14، 15، 16ی 11-2021 لە هوتێل كریستاڵ، هەولێر، كوردستان بەڕێوە دەچێت، تیمی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشداربوو لە پڕۆژەكە پێكهاتوون لە (سەروەر كەمال هاواری) بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، د. (سۆران سەلاحەدین) راوێژكاری یاسایی وەزارەت و(نەوزاد شێخ كامیل ) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی چەندین بەڕێوەبەر و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیەكانی (پسولەی خۆراك) و (نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ) و(كاروباری كۆمەڵایەتی) و (فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری) و (پلان دانان)و ژمارەیەك بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و پلان دانانی عێراق لە وۆركشۆپەكەدا بەشدارن.
بابەت و تەوەركانی وۆركشۆپەكە بریتیی دەبن لە: بە ئەلكترۆنی كردنی بەشەخۆراكی مانگانە وسیستەمی ئەپڵیكەیشنەكانی تایبەت بە ئەلكترۆنیكردنی بەشە خۆراك و ئەو ئاستەنگانەی دێنە رێگایان و هەروەها دۆزینەوەی نەخشە رێگەی چارەسەر بۆ ئاستەنگ و گرفتەكان، هەروەها دانانی میكانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی وۆركشۆپەكە دەبێت.
مەبەستەكانی وۆركشۆپی پرۆژەی بە ئەلیكترۆنی كردنی بەشە خۆراكی مانگانە بەرەو حكومەتی ئەلیكترۆنی بریتیین لە: -پێداچوونەوە و چاوخشاندن بە قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی بەشە خۆراكی مانگانە، هەروەها خستنەرووی دەستكەوتەكان و بەرچاوروونی بۆ داهاتوو
-بەشداری لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئاڵۆگۆڕكردنی، بیرۆكەكان، دەستنیشاكردنی هەنگاوەكانی داهاتوو و پێكهێنانی گرووپی كار بۆ بەڕێوەبەردنی پرۆژەی ئە ئەلیكترۆنیكردنی بەشە خۆراكی مانگانە لە هەرێمی كوردستان.
-كاریگەری پرۆژەكە لەسەر بە ئەلیكترۆنیكردنی دام و دەزگاكانی حكومەت.
ئامانج لەم پرۆژەیە: فراوانكردنی پرۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی بەشە خۆراكی مانگانە لە هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی بەشە خۆراكی مانگانە، هەروەها كۆكردنەوەی لایەنە فەرمییەكانی پەیوەندیدار بە پرۆژەیەكەیە، بۆ ئاڵۆگۆركردنی زانیاری و گفتوگۆكردن دەربارەی وردەكاری بەڕێوەچوونی پرۆژەكە و هاوبەشیكردنی گرنگ و ئالنگارییەكان و چۆنیەتی رووبەڕوونەوەیان، پێشكەشكردنی روانگەیەكی گشتی بۆ ستراتیژكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی و چۆنیەتی بەدواداچوون بۆ پرۆشەكە هاوبەشی هەمەلایەنە، ئەمەش بە مەبەستی ئەوپەری سوودبینین لە سەرچاوە و هەوڵە دراوەكانە.