کۆنفرانسی پاراستنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی شەممە ڕێكەوتی ٦ / ١١ / ٢٠٢۱ سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە یاوەری دكتۆر محمد علی میرانی، بڕیاردەری ئەنجومەن، بەشداری لە کۆنفرانسى ساڵانەى هەڵسەنگاندنى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى یاساى چاکسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد، کە لە لایەن رێکخراوی ستۆپ بەهاوکاری ڕێكخراوی (نید)ی ئەمریكی ڕێكخرابوو، كارەكانی كۆنفرانس بەسەر دوو تەوەردا دابەش كرابوون، تەوەری هەڵسەنگاندنی بەڵێنەكان و تەوەرەی كاراكردنی ئەنجومەنی پاراستنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاری لە هەرێمی كوردستان كە بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی وتەیەكیان پێشكەش كرد لە وتەکەیدا، تیشکی خستەسەر بایەخی دروستكردنی ئەنجومەنی پاراستنی کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری و ڕۆڵی ئەنجومەن لە گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی كەشی كێبڕكێ لە بازاڕ و بەرگرتن بەو قۆرخكاریانەی كە دەكرێن بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
هاوكات پێشكەشكردنی پانێڵی (رۆڵی دامەزراوەکان لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی) کە تێدا هەریەک لە نوێنەری داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی و راوێژکاری پەرلەمان بۆ کاروباری ئابووری لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون.