Skip to the content

سیستەمی ئەلیكترۆنی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی عێراق كەوتەكار

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنچشەممە ڕێكەوتی 9-9-2021 بڵند مەحەمەد مەولود بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان پێشوازی كرد لە تیمێكی تەكنیكی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە بەكارخستنی سیستەمی ئەلیكترۆنی نێوان هەردوو وەزارەت كرا.
بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ڕایگەیاند: لەمڕۆ بە دواوە لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنیەوە مامەڵە و كارەكانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عێراق بە شێوەی ئەلیكترۆنی (ئۆنڵاین) بەڕێوە دەچێت.
پرۆسەی بە ئەلیكترۆنی كردنی كارەكان لەلایەن نوێنەرانی هەرێم لە بەغداوە له‌ نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی تەكنیكی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرپەرشتی كراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 9-9-2021  سیستەمی ئەلیكترۆنی خرایە كار و یەكەمین نووسراو لە رێگەی ئەلیكترۆنییەوە نێردرا، سیستەمەكە لە دوای (6) مانگ تاقیكردنەوە و كاركردن خرایەكار كه‌ لە پێشوودا نووسراوێكی نێوان وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی و وەزارەتی بازرگانی عێراق زیاتر لە هەفتەیەكی دەخایاند بە تێچووەوە، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە كەمتر لە كاتژمێرێك  و بەبێ تێچوو كارەكان ڕایی دەكرێن.