پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی جووتیاران دابەش دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "سەرەتای هەفتەی داهاتوو ١٠٠ ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دابەش دەکرێت و لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوودا ٢٠٨ ملیاری دیکەش دەگاتە دەستمان و تەواوی پارەکە کە ٣٠٨ ملیار دینارە دابەش دەکرێت."
وەزیری بازرگانی لەبارەی پارەی گەنمی ئەمساڵیشەوە ڕایگەیاند "لەمساڵدا ١٠٣ ملیار و ١٥٩ ملیۆن دینار پارەی گەنمی جووتیاران دابەشکراوە و ١٦٠ ملیاری دیکەش هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت."
سەبارەت بە بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵ کەمال موسلیم گوتی "تا ئێستا ٣١١ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، بەشی پێنج مانگی خۆمان دەکات کە دەبوایە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرین."
لە بارەی کوالیتیی گەنمەوە، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی راگەیاند "ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، بەڵام کوالیتیی گەنمی ئەمساڵ بە گشتی خراپ نییە."
لە بارەی نرخی پێداویستیی خۆراکەوە، کەمال موسلیم دەڵێت "لە قۆناغی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیی خۆراکی، ڕەسم و باجی گومرگی لەسەر ١٠ پێداویستیی خۆراکی بۆ ماوەی دوو مانگ هەڵگیرا و دواتر ئەو ماوەیە درێژترکرایەوە."