هەوڵدەدرێت بازاڕی بەرهەمی ناوخۆیی پێشبخرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی زیادکردنی بازاڕ بۆ بەروبوومە ناوخۆییەکان کۆبووەوە.
شاندی وەزارەت پێکهاتبوون لە: بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان پێشوازی کران و بەوردی کێشە و گرفتەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کارگەکانیان تاووتوێکرد.
بڕیاریشە بەهاوکاریی سەجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵمەتێکی هۆشیاری لەوبارەوە بۆ زیادکردنی بازاڕی بەروبومی ناوخۆیی دەستپێبکەن.
جێی ئاماژەیە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەدواداچوون و چارەسەری گرفتی کارگەکان و بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوامە، ئەم سەردان و کۆبوونەوانەش لەچوارچێوەی ئەو پلانەدایە.