Skip to the content

هەوڵدەدرێت کرێی کارەبای پڕۆژە پیشەسازییەکان کەم بکرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کارەبا لە کۆبوونەوەیەکدا گرفتی گرانیی کرێی کارەبایان لەسەر کارگەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکان تاووتوێ کرد و بڕیاریشە کاری ڕژد بۆ کەمکردنەوەی کرێی کارەبا لەسەر پڕۆژە پیشەسازییەکان بکرێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت و عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەرێوەبەری گشتیی دیوان و بەرێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، سەردانی وەزارەتی کارەبایان و کرد و لەگەڵ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبا کۆبوونەوە و بە وردی تاوتوێی گرفتی کارگەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکانیان کرد؛ لەڕووی گرانیی نرخی کارەبا، کە تێچووی زۆری کارەبا بۆ کارگەکان کار لە نرخی کاڵاکانیان دەکات لە بازاڕدا.

لەئەنجامدا بڕیاردرا بە درووستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بە بەشداریی نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئامادەکردنی کۆنووسێک کە میکانیزمی گونجاو و چارەسەری تێدابێت بۆ کەمکردنەوەی کرێی کارەبای کارگەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکان لەپێناو پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.

جێی ئاماژەیە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەوڵەکانی بۆ بەدواداچوون و چارەسەری گرفتی کارگەکان و بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوامە، ئەم سەردان و کۆبوونەوانەش لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە.