وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کێشەی کارگەکان چارەسەر دەکات
![](/media/13801/fb_img_1660223391891.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133047668910000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢، کوێستان محمد وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت بەئامادەبوونی عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەرێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری پیشەسازیی هەولێر، لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ خاوەن کارگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت گوتەیەکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بەوەدا کار لەسەر ئەو گرفتانە دەکەن کە ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی کارگەکان و ڕایگەیاند "مەبەست لەم کۆبوونەوەیە گوێگرتنە لە گرفت و داواکارییەکان و ئەوان دەبنە پردی پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و خاوەن کارگەکان".
پاشان دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە ڕۆڵی کارگەکان لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان کرد و باسی چەندین کۆنفراسی کرد کە ساڵانە ئەنجامیان داوە. داواشی کرد کار لەسەر پێشنیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆنفرانسانە بکرێت کە گەڵاڵە کراون.
دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و خاوەن کارگەکان ڕاشکاوانە داواکاری و گیر و گرفتەکانیان خستەڕوو.
لە کۆتاییشدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت، بریکاری وەزارەتی بۆ کاروباری پیشەسازی راسپارد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانی پیشەسازییەکان بۆ تاووتوێکردنی ئەم گرفتانە و دواتر هەموو پێشنیار و داواکارییەکان یاداشت بکرێن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت.