Skip to the content

وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم و ستافی وەزارەتی خەڵات کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بەبۆنەی کۆتاییهاتنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕێوڕەسمێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، شاندی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەسەرپەرشتیی محەمەد حەنوون کەریم بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە هەر یەکە لە کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم و سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی کەرکوک و بەڕێوەبەری سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

محەمەد حەنوون کەریم بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق گوتەیەکی پێشکەشکرد و سوپاسی وەزیری بازرگانی و ستافی وەزارەتی کرد کە لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵدا هەماهەنگ و هاوکار بوون و پڕۆسەکەیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبرد.

پاشان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە گوتەیەکدا سوپاسی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و شاندی میوانی کرد، هەروەها سوپاسی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و ستافی بازرگانی کرد کە لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم هەوڵی باشیان داوە. پاشان لە لایەن شاندەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە خەڵاتەکان بەسەر ناوبراوان دابەشکران.