Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ خاوەن کارگەکانی سنووری سلێمانی کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ئابی ٢٠٢٢، کوێستان محەمەد وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لەگەڵ خاوەن کارگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.

لەکۆبونەوەکەدا تيمێکی وەزارەت  کە پێکهاتبوون لە عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، ئامادەبوون.

پاش خستنەڕووی کێشە و پێشنیارەکان لە ٢٨ خاڵدا لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانییەوە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت، گرنگیی کۆبوونەوەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، پاشان سەرجەم خاوەن کارگەکان گیروگرفتەکانیان خستەڕوو و باسیان لە ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنانی ناوخۆیی کرد.

جێی ئاماژەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت، تیمی وەزارەتی ڕاسپارد لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بە ڕژدی هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکانی کەرتی پیشەسازی بدەن.

لەکۆتاییدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەرۆک و تەوەری کۆبوونەوەکە بۆ ڕای گشتی خرایەڕوو  و وەڵامی پرسیاری میدیاکان درایەوە.