Skip to the content

هەولێر و بەغدا لەسەر کێشەی شایستە داراییەکانی جووتیاران ڕێکدەکەون

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی ‏دووشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی نێوان هەردوولا کۆبوونەوە.

‏کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بەڕێوەچوو. تێیدا چەند تەوەرەیەکی گرنگ باسکران، لەوانە: شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆساڵانی پێشوو کە ژمارەیەک جووتیار خۆیان لەوێ ئامادەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە چۆنیەتیی گفتوگۆکانی وەزارەت و وەزیری بازرگانی وپیشەسازی و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داواکارییەکانیان. بەڵێنیش وەرگیرا سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەگەر بودجەش پەسەند نەکرێت، شایستەی دارایی جووتیاران خەرج بکرێت.

هەروەها چەند بابەتێکی پەیوەست بە بازرگانی و گرفتی بەردەم کارەکان تاووتوێ کران و بڕیارە لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە چارەسەر بکرێن.