Skip to the content

تا وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن کۆگاکان گەنمی پێویستیان تێدایە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- (نەوزاد شێخ کامیل)، بەڕێوه‌بەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: مانگانە ئارد لە وادەی خۆی دابەش دەکرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و بەشی پێویستی گەنم لە کۆگاکاندا هەیە تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: بەشە خۆراکی یەکەم بۆ ساڵی نوێ لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دەست کراوە بە دابەشکردن و لە ڕێگای بریکارەکانەوە دەگاتە هاووڵاتیان.
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە بەشە گەنمی یەکەم بۆ ساڵی نوێ چەند ڕۆژێکە بەردەوام دەگاتە سایلۆکانی هەرێم و لە هەفتەی ئاییندە دەنێرێتە ئاشەکان و لە ڕێگای بریکارەکانەوە  بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرێت.
هه‌روه‌ها باسی لەوەش کردووە کە گەنم لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و گرێبەستی نوێش لەگەڵ وڵاتی ئوسترالیا کراوە، بۆ هێنانی گەنم و لەم نزیکانە دەگاتە شوێنی خۆی.
‏ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنمەی کە ئێستا لە کۆگاکان هەیە بەشی ئەوە دەکات کە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا ئارد لە ڕێگای بریکارەکان دابەش بکرێت تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن.