وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و کونسوڵی نوێی گشتی ئیتاڵیا جەختیان لە پێشوەچوونی ئەزموون و یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکانی ئاستی حکومەت و کۆمپانیاکان کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 10-2-2022 (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازى بە ئامادەبوونى (فتحی مودەریس) ڕاوێژکارى پەیوەندییەکان پێشوازیان کرد لە (میکایلا کامیرۆتۆ ) کونسوڵی نوێی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر كرد.
جەنابی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەرکەوتنى بۆیان خواست لە دەستبەکاربوونیان وەک نوێنەری ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بە ئەزموون و پەیوەندی دوور و درێژی هەردوو لایەن لەسەر ئاستی حکومەت و کۆمپانیاکان دا، گرنگی و بوونی کاڵا و بەرهەمیى کواڵێتی بەرزی ئیتاڵی لە هەرێمی کورستان بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو بە هیوای لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان سوودی زیاتر لە ئەزموونی ئیتاڵیا لە هەردوو سێکتەری بازرگانی و پیشەسازی وەربگرێت، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا سوپاسی حکومەت و وەزارەتى بازرگانی و پیشەسازی کرد و دووپاتی هەوڵەکانى کردەوە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، هەر لە دیدارەکەدا (فەتحی مودەریس) ڕاوێژکاری پەیوەندیەکان ئاماژەی دا بە کورتە باسێکى پەیوەندییەکانى ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە، کە وەزارەت لە ماوەى ڕابردوودا دوو یاداشتی لەگەڵ ئیتاڵیا واژوو کردووە، وێڕای ئاڵوگۆڕی شاند و بەشداری پیشانگاکان و چەندین چاڵاکی تر کە زۆربەیان مایەى دڵخۆشکەرن و لە داهاتووشدا بە پڕۆژە و کاری هاوبەش بەردەوام دەبن کە دەبنە مایەی بەهێزکردنی پەیوەنديیەکانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و کونسوڵگەری ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان.