پرسی هەماهەنگی و بەدواداچوونی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی و کەل و پەلی خۆراکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ تاوتوێ دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 9-2-2022 (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی (نەوزاد شێخ کامل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و (دلێر عبدالواحید) بەڕێوەبەری بازرگانی کەل و پەلی خۆراکی هەولێر، پێشوازیان لە شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و چاودێریی بازرگانی عێراقی کرد.
شاندەکە پێکهاتبوون لە (دکتۆر مالیک مەحمود) جێگری بەڕێوەبەری گشتی چاودێری بازرگانی بە یاوەری (عەباس عەبدولواحید) بەڕێوەبەری کەل و پەلی خۆراکی بەغدا سەر بە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ، لە دانیشتنێکدا پرسی بە دواداچوون و هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە بەڕێوەرایەتی گشتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەغدا تاوتوێ کرا، بڕیاردرا کار و چالاکییەکان بە هاوبەشی هەردوولا ئەنجام بدرێت هەروەها ڕۆتینی ئیداری بە دوور بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا، کارئاسانی بۆ کاروباری خەڵک و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو.