تا وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن کۆگاکان گەنمی پێویستیان تێدایە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- (نەوزاد شێخ کامیل)، بەڕێوهبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: مانگانە ئارد لە وادەی خۆی دابەش دەکرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و بەشی پێویستی گەنم لە کۆگاکاندا هەیە تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: بەشە خۆراکی یەکەم بۆ ساڵی نوێ لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دەست کراوە بە دابەشکردن و لە ڕێگای بریکارەکانەوە دەگاتە هاووڵاتیان.
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە بەشە گەنمی یەکەم بۆ ساڵی نوێ چەند ڕۆژێکە بەردەوام دەگاتە سایلۆکانی هەرێم و لە هەفتەی ئاییندە دەنێرێتە ئاشەکان و لە ڕێگای بریکارەکانەوە بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرێت.
ههروهها باسی لەوەش کردووە کە گەنم لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و گرێبەستی نوێش لەگەڵ وڵاتی ئوسترالیا کراوە، بۆ هێنانی گەنم و لەم نزیکانە دەگاتە شوێنی خۆی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنمەی کە ئێستا لە کۆگاکان هەیە بەشی ئەوە دەکات کە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا ئارد لە ڕێگای بریکارەکان دابەش بکرێت تا دەگەینە وەرزی نوێی گەنم وەرگرتن.