تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی كواڵێتی دەرمان دەست پێ دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ١٦٥٦٧ لە ٢٣-١٢-٢٠٢١ كە تایبەتە بە دیراسەتكردنی بابەتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان، بە مەبەستی ئامادەكردنی ڕاسپاردەی هاوبەش بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان، ڕۆژی 6-2-2022 كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی (نەوروز عمر محی الدین) سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی و نوێنەری سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری ئەنجام درا، لە كۆبوونەوەكە (بڵند محەمەد مەولود) بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و (كازم مەغدید برایم) بەڕێوەبەری كۆمپانیا نیشتیمانییەكان وەك نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و (دكتۆر شیروان سادق علی) بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری دەرمان و (هەڤاڵ جەمال مەولود) بەرپرسی مۆڵەتی كۆمپانیاكان وەك نوێنەری وەزارەتی تەندروستی ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا و بۆچوونەكان بە پێویست زانرا كە ڕێگە بدرێت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بە مەرجێك چەند ڕێكارێك بگیرێتە بەر كە ببێتە هۆی پاراستنی كواڵێتی دەرمان و دەستەبەر بوونی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە بازاڕ و نەهێشتنی قۆڕخكاری و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆی دانەمەزراو، بڕیاردرا كە ڕاسپاردەی هاوبەش بەرز بكرێتەوە بۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری تەندروستی، پاش ڕەزامەندی دواتر بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە بە مەبەستی بڕیاردان و جێبەجێكردنی دەستپێكردنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان.