وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بانكی ئیتیحادی عێراقی تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 14-2-2022 شاندێكی بانكی ئیتیحادی عێراقی سەردانی (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازیان كرد، چەند تەوەرێكی گشتیان لە بارەی خزمەتی گشتی تاوتوێ كرد.
لەو دیدارەدا كە بە ئامادەبوونی (فەتحی مودەڕیس) راوێژكاری پەیوەندییەكانی وەزارەت و (بڵند مەحەمەد مەولود) بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بەڕێوەچوو، (هێلان گەردی) بەڕێوەبەری بانكی ئیتیحاد لە هەرێمی كوردستان وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی كارای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و چاڵاكی لەم كابینە نوێیەدا، پرسی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت پێشنیاركرد لە بارەی دابینكردنی دڵنیایی بانكی هەروەها هەریەك لە مەلا موئمن القاضی و زیاد حلبوسی، ئەندامانی شاندەكە ڕوونكردنەوەیان لە بارەی چۆنیەتی هاوكاری و هەماهەنگیەكانی بانكەكەیاندا بۆ سوودی گشتی و خزمەتكردنی كۆمپانیا و فەرمانبەران. لە كۆتاییدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێنی دا پاش دیراسەكردنی پێشنیارەكان هەماهەنگی نێوان هەردوو لا دروست بكرێت.
بانكی ئیتیحادی عێراقی بانكێكی ئەهلیە و لە ساڵی 2002 لقی خۆی لە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر كردۆتەوە، بڕیاریشە لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك لقی دیكەی بكاتەوە.