لقێکی ژووری بازرگانى ئەمهریکی - کلدانی، لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷-١-٢٠٢٢ (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونى (سەروەر کەمال هاواری) بریکاری وەزارەت بۆ کاروبارى بازرگانی و ڕاوێژکارى پەیوەندییەکان، پیشوازییان کرد لە (ئانۆ جەوهەر) وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و شاندێکی ژووری بازرگانى ئەمریکی - کلدانی لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمهریکا.
ئامانجی سەردانى شاندەکە بە نیازى کردنەوەى لقێکى ئەو ژوورەن لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى لە دواڕۆژدا چەندین پڕۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازى پشتگیری وەزارەتى نیشاندا بۆ هەر دەستپێشخەرییەک کە ببێتە مایەى کردنەوەى دەروازەى زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە میانی دانیشتنەکەدا بریکارى وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی، گرنگى ئەو بڕیارەیان دووپاتکردەوە و شاندی میوانیش خۆشحاڵیان نیشاندا بۆ ئەو هەنگاوە بە کردنەوەى لقێکی دەزگاکەیان کە ئەزموونێکی زۆریان لە بوارى جیا جیادا هەیە.