وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەرۆکایەتی شاندی کوردستان لە پیشانگای ئێکسپۆی ۲۰۲۰ی نێودەوڵەتی دوبەی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۲۱-١-٢٠٢٢ (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی دەستپێکی هەفتەی کوردستان لە ئێکسپۆ 2020ـی دوبەی.
لە دەسپێکی کردنەوەی هەفتەی کوردستان وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتەیهکی بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، لە وتەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو جۆرە پیشانگایانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری بیانی تا لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان و پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، ئێکسپۆی ۲۰۲۰ وابڕیار بوو لەو ساڵەدا ئەنجام بدرێت بەڵام بەهۆی کۆڕۆناوە لە مانگی ۹ی۲۰۲۱ کراوەتەوە و ٦ مانگ بەردەوام دەبێت، هەرێمی کوردستان لە بەشی عێراقدا کە بە هەفتەی نمایشی کوردستان بەشدار دەبێت تیایدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە ڕێگەی پیشاندانی ڤیدیۆوە نمایش دەکرێت کە باس لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لەوانە: پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە
سێکتەرەکانی بازرگانی و پیشەسازی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، ئاو و کارەبا، هەروەها ئارامی و سەقامگیری و بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئایینی، هەر لە میانی هەفتەی کوردستاندا دوو پێشانگای شێوەکاری و فۆتۆگرافی دەکرێنەوە.