پرسەكانی هاوكاریی لۆجیستی و ئاسانكاریی بازرگانان و بەرهەمی كۆپیكراو گفتوگۆی لەسەر کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێكەوتی 18-1-2022 (سەروەر كەمال هاواری) بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی پێشوازیی كرد لە (سیث پاچ) سەرۆكی یەكەی ئابووری كونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا لە هەولێر و (دكتۆر دارا سەعید) شارەزای ئابووری كونسوڵخانە كە یاوەری سەرۆكی شاندی میوان بوو.
وێڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە سەرۆكی تازەی یەكەی ئابووری كونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا، بریكاری وەزارەت تیشكی خستەسەر سیاسەتی ئابووری هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆ بە تایبەتی كە هەوڵەكانیان تەرخان كردووە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم كە كۆمپانیا ئەمهریكییەكان دەتوانن ڕۆڵێكی كارایان لە پێشخستنی كەرتی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان هەبێت وە هەروەها ئەو هاوكاریە لۆجیستیانەی كە پێویستن بۆ وەزارەت لەگەڵ شاندی میوان باسكران وەك: ڕاهێنانی فەرمانبەران لە ڕێگەی ئەو ئاژانسانەی لە ئەمهریكاوە دێن بۆ ڕاهێنان و ڕێنمایی و هاوكاری سێكتەرە جیاوازەكان لە عێراقدا، كە هەرێمی كوردستانیش بەشێك بن لە پرۆگرام و تراینینگ و كۆرسەكان، هەروەها ئاسانكاریی بۆ كۆمپانیا و بازرگانانی هەردوولا بۆ ئەوەی چالاكیی بازرگانی زیاتر ببێت، لە دیدارەكەدا كە ڕاوێژكارانی وەزارەت دکتۆر سۆران سەڵاحەدین، فەتحی محەمەد عەلی، دکتۆر حوسێن چەلەبی، سوار عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەت ئامادەبوون چەندین تەوەری دیكە لە نێوان وەزارەت و شاندی میوان تاووتوێ كران وەك: كاڵای كۆپیكراو و لاساییكراوەی بەرهەمەكان بە گشتی و كۆپی ئۆرجیناڵەكان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بە تایبەتی، بابەتی هاوردە و هەناردە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و بە هێزبوونی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا، بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزاریە بازرگانیەكان و سیستمی یەك پەنجەرەو چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە سێكتەری بازرگانی.