پێدانی بڕوانامەی کۆمپانیا بەو بیانیانەی خاوەن کارتی نیشینگەن رێکدەخرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە 25-1-2022 بڵند محەمەد مەم، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەردانی لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێری كرد.
سەردانەكە بە مەبەستی هاوكاری و هەماهەنگی و ئاسانكاری لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر بۆ پێدانی ئاسانكاری و رێگەدان بە بزنسمانان و خاوەنكارانی بیانی تا بتوانن لە هەرێمی كوردستان پڕۆژ و سەرمایەكانیان بخەنەگڕ، لە دانیشتنەکەدا بڕیادرا لیژنەیەک پێکبهێنرێت لە پسپۆڕان، بۆ ڕێکخستنەوەی پێدانی بڕوانامەی کۆمپانیا بەو بیانیانەی کە کارتی نیشینگەی کاتی یاخود بەردەوامیان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بیرۆكەی هەماهەنگی و هاوكاری بۆ بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر خستەڕوو، لەلایەن خۆشییەوە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ كاری هاوبەش و هاوكاری تا كارەكان ئاسانتر و دوور لە رۆتین بەڕێوەبچن.