پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکان کۆتایی هات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ ی تەممووزی٢٠٢٢ سەروەر کمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سایلۆی هەولێر بە ئامادەبوونی نەوزاد شێخ کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند :-
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ڕۆژی ٢٥ ی ئایاری ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ ٢٤ ی تەممووزی ٢٠٢٢ کۆتایی بە پڕۆسەکە هات و لیژنەکە کارەکانی ڕادەگرێت تەنها تا کۆتایی هەفتە ئەو گەنمانەی ماون لەپێش سایلۆکان وەردەگیرێن وە ئاماژەی بەوە کرد پڕۆسەی گەنم ئەمساڵ جیاواز بوو لە ساڵانی پێشوو بەیەک پلە وەرگیرا کە پێشتر سێ پلە بووە وە ئەمساڵ نزیکەی دوو ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو گەنم وەرگیراوە چونکە بەپێی ئەوپلانەی دانرابوو جیاواز لە ساڵانی پێشوو ڕێژەی وەرگرتنی گەنم کراوە بوو ، بۆ هەر تۆنێک بڕی ٨٠٠ هەزار دینار دیاری کرابوو و ماوەی وەرگرتنی گەنم درێژتر بوو لە پار ساڵ هەروەها بۆ ئەمساڵ شایستە داراییەکانی جوتیاران لەکاتی خۆیدا هاتووە و بەسەریان دابەش کراوە و بەردەوامە .
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا نەوزاد شێخ کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی چەند داتایەکی خستە ڕوو لە بارەی بڕی گەنمی وەرگیراو و بڕی پارەی جوتیاران کە هاتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و ئەو بڕەش کە ماوە ، بەم شێوەی خوارەوە
بڕی گەنمی وەرگیراو تا ئێستا بڕی ٢٥٩ هەزار و ١٦٤ تۆن و ٣٢٠ کیلۆ .
بڕی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ئەو بڕە گەنمەی وەرگیراوە (٢٢٠) ملیار و (١٥٠) ملیۆن دینارە و لەو بڕەش تا ئێستا (٩٤) ملیار و (٩٥٠) ملیۆن دینار هاتووە کە دەکاتە ڕێژەی ٤٢٪ وە ڕایگەیان بۆ ئەو بڕەی ماوە لەسەر هێڵین لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ تا بە زووترین کات بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت و بەسەر جوتیاران دابەش بکرێت.
لە کۆتاییشدا بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی بەناوی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتەوە سوپاسی هەموو دەزگاو لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە لەم پرۆسەیەدا هاوکار و ماندوو بوون وە سوپاسی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی کرد کە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان کرد .