وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تا ئێستاش زیاتر لە ٢٥ ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەسەرجەم سایلۆکانی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا بڕی (٢٥،٦٥٣.٤٢٠ ) تۆن گەنمی جوتیارا وەرگیراوە .
نەوزاد شێخ کامل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند سەرەڕای وەرگرتنی ئەم بڕە گەنمە، لە ھەمان کاتدا چەکی پارە بە بڕی دوو ملیار دینار پارەی گەنمی وەرگیراو بۆ ساڵی (٢٠٢٢) ھاتووەتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لە نزیکترین کات دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، روونیشیکردەوە کە یەک ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ پارێزگای ھەولێر و پێنج سەد ملیۆن دیناریش بۆ پارێزگای دھۆک تەرخانکراوە.
بریاریشە لە رۆژانی داھاتوو بڕێکی دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.