وەزیری بارزگانی و پیشەسازی لەگەڵ کۆمپانیا هیندییەکان کۆبوویەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێککەوتی ٣٠ ی حوزەیرانی٢٠٢٢ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ شاندی کۆمپانیا هیندییەکان کۆبوویەوە و بڕیارە چاڵاکی و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوان بکەن.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت بەڕێوەچوو.
شاندەکە پێکهاتبوون لە باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، و نوێنەری چواردە کۆمپانیای گەورەی بازرگانی و وەبەرهێنانی هیندستان کە لە سێکتەرە جیاوازەکان کار دەکەن .
لە دانیشتنەکەدا ئاماژە بەوە درا کە چالاکی و پڕۆژەکانی ئەم کۆمپانیایانە فراوان بکرێت بە جۆرێک هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی بازرگانی بۆ ناوچەکانی تری عێراق و دەوروبەر.