داوا دەکرێت بەشە گەنمی سلێمانی زیاتر و زووتر بگات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە 12-3-2022 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە یاوەریی بەڕێوەبەرایەتی دروستکراوی دانەوێڵەی سلێمانی و بەرێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی سەردانی چەند ئاشێکی شاری سلێمانیان کرد.
سەردانەکە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕی بەشە ئاردی هاووڵاتیان و کوالێتییەکەی بوو، لە ئەنجامی پشکنیندا دەرکەوت ئاردەکە کوالێتی باشە و گونجاوە بۆ خواردن.
سەبارەت بە بەشە گەنمی مانگانەی شاری سلێمانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، ناردنی گەنمی پارێزگای سلێمانی زۆر کەم دێت و دواخستووە لە کۆی (٢٣٠٠٠) هەزار تەن، تەنیا (٥٠٠٠) هەزار تەن گەنم بۆ مانگی یەکی ٢٠٢٢ گەیشتووە، کە ئەمە هۆکارێکە بۆ کەمی ئارد و بەرزبوونەوەی نرخ، بڕیاردرا نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بکرێت بە مەبەستی پەلەکردن لە ناردنی بەشە ئاردی (مانگی یەک)و کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هاوکاری نانەواخانە و فڕن و سەموونخانەکان بۆ گراننەبوونی نرخی نان وسەموون بەپێی توانا و دەسەڵات.