شاندی باڵیۆزخانە و کونسوڵگەری گشتیی هیندستان گرنگی بە کردنەوەی کارگە و کارخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پێنجشەممە 10-3-2022 (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە (برشاند بیسای) باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و (سوبهاش سی كاین) كونسوڵی گشتی و (دەهرەمەندەر هومار) لە کونسوڵگەری گشتیی هەرێمی كوردستان.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی (سەروەر كەمال هاواری) بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، (نەوزاد شێخ كامل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، (كۆڤان جەلال) بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی، (بڵند مەحەمەد مەم) بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تیشكی خستە سەر ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، پەرەپێدانی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی دەبێتە هاندان بۆ پێشخستنی دارایی و ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، سوود وەرگرتنیش لە ئەزموونی هیندستان تەوەرێكی دیكەی وتەكانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بوو، لەلایەن خۆیانەوە كونسوڵی هیندستان، ئامادەیی كاری هاوبەش و چاڵاكی بازرگانی و پیشەسازی، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان كونسوڵگەری هیندستان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد، هیوای خواست لە داهاتوودا پرۆژەی هەمەلایەن هەردوولایەن كۆبكاتەوە.
دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە هەردوولا هاوڕابوون کە ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکان پەرە پێبدەن و هەرئاسانکاریەک کە پێویست بێت لە هەردوولا بۆ بازرگانەکان ئەنجامی بدەن، داوایان لێ کرا هانی کۆمپانیا هندییەکان بدرێت بێن لە هەرێمی کوردستان کارگە و کارخانە دابمەزرێنن وسوود لە دەستەی وەبەرهێنان و ڕێنماییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەربگرن کە ئاسانکاری زۆری کردووە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرە بیانییەکان.