سەنتەری بازرگانی جۆرجیا لەهەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/٥/١٦ باڵیۆزی گشتی جۆرجیا لەعێراق و ئەردەن (زازا کالکیان) سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کرد و لەگەڵ (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و (سەروەر کەمال هاواری) بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی کۆبوونەوە و بڕیار درا سەنتەری بازرگانی جۆرجیا لەهەرێمی کوردستان بكرێتهوه.
باڵوێزی گشتی جۆرجیا لەعێراق و ئەردەن، ئاماژەی بە مەبەستی سەردانەکە کرد کە کردنەوەی باڵوێزخانەی فەخری و سەنتەری بازرگانی جۆرجیایە لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بونیادنانی بناغەیەک بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە و وتیشی: ئامادەن هاوکاری هەر پڕۆژە و پێشنیارێکی وەزارەت بکەن کە پێشکەشیان دەکرێت و هەوڵ دەدەن ئەم سەنتەرە بکەنە پردی پەیوەندی نێوان هەرێم و جۆرجیا بۆ کاروبارە بازرگانییەکان.
له كۆبوونهوهكهدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەو سەنتەرانە کرد لە ڕووی پێشخستنی کەرتی بازرگانی و بەڵێنی دا هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنی هەر هەنگاوێک کە پەیوەندییە بازرگانیەکان بەرەوپێش ببات و دووپاتی کردەوە وەزارەتی بازرگانی پاڵپشتی پڕۆژە بازرگانییەکانە بۆ خزمەتی ژێرخانی ئابووری هەرێم.
لای خۆیەوە بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بە هەبوونی چەند سەنتەرێکی بازرگانی وڵاتانی تر کرد کە هاوشێوەن لە هەرێمی کوردستان و داوای کرد سەنتەری بازرگانی جۆرجیا جاوازتر کارەکانیان بکەن بە ئاراستەی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و دروستکەری پردی بازرگانی هەرێم و جۆرجیا بن ، یاسا تایبەتە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکەن و وتیشی: تیمی وەزارەتی بازرگانی لەئایندەدا هاوکارێکی جددی دەبێت بۆ ئەو دەستەیەی لەلایەن جۆرجیاوە ڕادەسپێردرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەم پەیوەندییە.