هەرێمی کوردستان و هیندستان پەیوەندییە بازرگانیەکانیان بەهێزتر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێکەوتی (١١/٥/٢٠٢٢) وەفدێکی بازرگانی هیندستان سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەبارەی پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوولا گفتوگۆ کرا.
لە بەردەوامیی پێشوازیکردن لە شاندە بازرگانیەکان، (سەروەر کمال هاواری) بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە وەفدێکی بازرگانی هیندستان کرد بەسەرۆکایەتی (ئەشرەف خان) سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی موسڵمانان لە وڵاتی هندستان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەریەکە لە( فتحی مودەرس) ڕاوێژكاری پەیوەندییەکانی وەزارەت و (نەوزاد شێخ کامیل) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و (شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان) سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئامادەیبوون، باس لە پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هیندستان كراو داوایان لێ کرا سوودی زیاتر لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕووی بازرگانی و هانی وەبەرهێنەرانی وڵاتی هیندستان بۆ سەرمایە گوزاری لە کوردستان بدەن و لەو پێناوەدا ئاسانكاریان بۆ دەکرێت.
شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ پێشوازیەكە دەربڕی و جەختیان كردەوە كە هەوڵی تەواوی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ برەودان و پێشخستنی ڕەوشی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان .