کار بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢، بە بەشداریی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک بۆ خستنەڕووی گرفتەکان و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی کێشەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەمکردنەوەی ڕۆتین لە وەزارەت و دۆزینەوەی ڕێکاری گونجاو بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان لە هەردوو کەرتی بازرگانی و پیشەسازی کرا و ئاماژەش بەوە درا باشترین ڕێکار بۆ نەهێشتنی ئەو ڕۆتینە پەیڕەوکردنی سیستەمی ئاڵوگۆڕی نووسراوەکانە بە شێوەی ئەلیکترۆنی کە لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پەیڕەو دەکرێت.
بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لە رابردوودا چەند جارێک دوا کەوت تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، بەڵام ئەو گرفتە لە نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ چارەسەر کراو بەوەش توانراوە بەشە خۆراکی مانگی ١ و ٢ی ئەمساڵ و هەردوو بەشە خۆراکی مانگی ئازار و نیسان ٣٠٪ دابەش بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرفتەکانی بەردەم کارگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێگەکانی چارەسەرکردنیان کرا بۆ ئەوەی سەرنجی زیاتری وەبەرهێنەران ڕابکێشرێت بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ و کار ئاسانییان لەمڕووەوە بۆ بکرێت.