کۆنفرانسی پەرەپێدانی ئابووری هەڵەبجە بەڕێوە چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٥/١٧ شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشدارییان لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی ئابووری لەپارێزگەی هەڵەبجە کرد و ئامادەیی وەزارەتیان بۆ هاوکاریکردنی هەر پڕۆژەیەک کە پێویست بێت بۆ بووژاندنەوەی ئابووری لەناوچەکە دەربڕی .
(نەوزاد شێخ کامیل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و (کۆڤان جەلال) بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی وەک نوێنەری وەزارەت بەشداربوون لە کۆنفرانسێک کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و ڕێکخراوی (پیشە) و ڕێکخراوی (BFZ) ی ئەڵمانی کە لە پارێزگەی هەڵەبجە بەڕێوەچوو ، تێیدا نوێنەرانی وەزارەت وێڕای خستنەڕووی گرنگییەکانی پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و ئابووری لەپارێزگەکە ئامادەیی وەزارەتیان بۆ هاوکاریکردنی هەر پڕۆژەیەک دەربڕی کە خزمەت بە ناوچەکە بکات.
لە دوای کۆنفرانسەکە بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی کارگەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەی لە هەڵەبجە بەسەرکردەوە و وتی لەڕووی پیشەسازییەوە دەتوانرێت هەڵەبچە پەرەی پێبدرێت کە گرنگیەکی زۆری دەبێت لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەکە.