Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشداری كردنەوەی لقی هەشتەمینی کارفۆری کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی بەشداری لە کردنەوەی لقی هەشتەمی بازاڕی هاوچەرخی کارفۆڕی لەسەر ئاستی عێراق و لقی پێنجەمی  ئەو بازاڕە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد.

لە مەراسیمەکەدا کە ئۆلیڤیە دیكۆتینی كونسوڵی گشتی فەرەنسا تیایدا ئامادەبوو، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی ڕۆڵی کردنەوەی بازاڕە مۆدێرن و هاوچەرخەکانی لە دروستكردنی كەشێكی گونجاو بۆ كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخکاری و داشكاندنی نرخی كاڵاو  شتومەک بەرز نرخاند.
 
سەروەر کەمال هاواری ئاماژەشی بە بوونی بازاڕی لەم شێوەیە كرد كە هۆكارێك دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ لاوان و دەرفەتێك دەبێت بۆ جووتیارەكان کە بەرهەمەكانی خۆیان بە بازاڕ بكەن و روونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە  رۆڵی دەبێت لە پێگەیاندنی فەرمانبەری بە توانا و  كادری شارەزا لە بواری ماركتین و نوێنەرایەتی كردن كە شارەزایی بواری بەڕێوەبردن لەم كۆمپانیا جیهانیانە وەردەگرن.

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە نەوازاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەرپرسی زنجیرە ماركێتەكانی كارفۆر لە عێراق ئامادەبوون.