بە بەشداریی (210) کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێکەوتی (24/5/2022) ، (سەروەر کەمال هاواری) بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە یاوەریی (نەوزاد کامیل) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی سەربە وەزارەت سەرپەرشتی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێری کرد کە تایبەت بوو بە کەل و پەلی بیناسازی.
لە کردنەوەی پێشانگەکە دا زۆربەی کونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان و یەكێتی هاوردە و ناردنكاران ئامادەبوون. کە تیایدا (210) کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی لە وڵاتانی ( توركیا، ئێران، چین، هندستان، میسر ) بەشدارییان كردبوو، 30 لەو كۆمپانیایانە هاوبەش بوون لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیكە، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا بریکاری وەزارەت بە ئامادەبوونی كونسوڵی چین بەشی پێشانگەی بەرهەمی کۆمپانیا چینییەکانی کردەوە کە لە هەمان پێشانگە بەشدارییان کردبوو.
كردنەوەی لقی كۆمپانیا بیانییە بەناوبانگەكان لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە ڕەخساندنی هەلی وەبەرهێنان و دەرفەتی كار و جوڵەی بازرگانی .