بەشە خۆراکی هاووڵاتیان و بە بازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دهكرێت
![](/media/11994/fb_img_1652994176475.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132974772090000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٢/٥/١٩ کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەی ئیبتهال هاشم بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون کۆبوویەوە و باسیان لە گیروگرفتەکان و کەمی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان و چۆنیەتی بە بازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران کرد.
کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم و بەڕێوەبەرەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکە بەڕێوە چوو ، تێیدا بە وردی لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کە بە مەبەستی بەدواداچوون هاتوونەتە هەرێمی کوردستان پرسی ناردنی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان و ئەو کەل و پەلە خۆراکیانەی نێردراون و ئەوانەش دواکەوتوون و ههروهها چۆنیەتی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ باسی لێوە کرا.