داتاو تۆمارنامەی ناوی بازرگانی ئامادە دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێکەوتی ١٧/ ٥/ ٢٠٢٢ ( بڵند محەمەد مەولوود ) بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، سەردانی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن شڤان عەبدولڕەحمان عەزیز ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی ھەرێمی کوردستان پێشوازی کران ، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ، بڕیاردرا سەرجەم ناوە بازرگانیەکان و تۆمارنامەی ناوی بازرگانی ئامادە بکرێت و بدرێتە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی / بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ، کە بەهۆیەوە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بزاڤە بازرگانیەکان بە شێوەیەک ڕێکدەخرێتەوە کە لە خزمەتی پیشەوەران و بازرگانان دەبێت و هانی کەرتی تایبەت دەدرێت کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە بووژانەوەی ئابووری کوردستان و بزاڤی بازرگانی ، هەروەها مۆڵەتی کارکردنی پیشەوەرەکان لە دامەزراوەکانی حکومەت دیاریی دەکرێت و پێویست ناکات لە چەند دامەزراوەیەک مۆڵەت وەربگرن.