وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بەدواداچوون بۆ کێشەی بەشە خۆراکى ھاووڵاتیان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٢ (کەمال موسلیم ) وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە یاوەریی ( نەوزاد شێخ کامل ) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، سەردانى شاری سلێمانى کرد و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەبارەت بە بابەتى خۆراک و ئەو گلەیی و ڕەخنانەى هەیە لەگەڵ دەنگۆى بوونى خۆراک لە کۆگاکان و دابەشنەکردنى، لەگەڵ بەڕێوەبەرى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە و ئێستاش بەشێوەیەکى مەیدانى هاتووینەتە کۆگاکانی خۆراک.
زیاتر گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تەواوى کێشە و گلەیى و گرفتەکانمان تاوتوێ کرد و لیژنەیەکى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەشمان پێکهێناوە بۆ ئەوەى بزانین ئایا خۆراک هاتووەتە کۆگاکان و دابەش نەکرێت ، لەسەر ئەنجامى ڕاپۆرتى لیژنەکە بڕیارى کۆتایی دەدەین.
سەبارەت بە پرسى دواکەوتنى بەشەخۆراکى مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى وتى: بۆ چارەسەرى پرسى بەشە خۆراکى مانگانە و گەنمى جوتیاران، چ بە سەردان چ بە نووسراو و تەلەفۆن پەیوەندیمان بە وەزارەتى بازرگانى عێراقەوە کردووە و بەڵێنمان وەرگرتووە کە گرفت و دواکەوتن ڕوونەداتەوە.