پێشنیار دەکرێت بە یاسا ڕێگری لە ھاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەلی خراپ بکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ٢٠٢٢/٥/٩ ( بڵند محەمەد مەولوود ) بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە یاوەریی (محەمەد سەعید) بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون و ( کازم مەغدید) بەڕێوەبەری کۆمپانیا نیشتیمانیەکان و ( گوشاد خالید) بەڕێوەبەری بریکارە بازرگانیەکان، سەردانی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەداواداچوونیان کرد و لە لایەن ( د.عەبدولحەکیم خەسرەو ) پێشوازی کران،
پاشان کۆبوونەوەیەک لە نێوان ھەردوولا ئەنجام درا و پێشنیار کرا یاسای بریکارە بازرگانیەکانی عێراقی فیدراڵ ژمارە (٧٩) ی ساڵی ٢٠١٧ بکرێتە پڕۆژەیاسایەک و بەرزبکرێتەوە لەڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بەرکار بکرێت لە ھەرێمی کوردستان ، بەھۆی ئەم یاسایە ڕێگری دەکرێت لە ھاوردەکردنی کاڵای خراپ و کوالێتی نزم و ھێنانی بەروبوومە خۆراکییەکان و کاڵاو كەل و پەل و پێداویستییەکانی تر بە کوالێتی بەرز بە نرخی گونجاو وە بەرکارکردنی یاساکە مافی بازرگانان لەبەرچاو دەگرێت بەپێی گرێبەست سوودیان بۆ دیاری دەکرێت لەلایەن کۆمپانیای بەرھەمھێن .