چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ ٢٠٢٢/٥/١٦ لە کۆبوونەوەیەکی ( کەمال موسلیم ) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگـــــەڵ ڕێکخراوی بەخشەری نێودەوڵەتی (IFC) باس لە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی کرا لە ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری.
لە دانیشتنەکەدا ڕێکخراوی ناوبراو باسیان لە پڕۆژە و کارەکانیان کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان لەبواری وزەدا ئەنجامیان داوە و مەبەستی سەردانەکەیان ڕوونکردەوە کە دەیانەوێت کار لەسەر چۆنیەتی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بکەن بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە.
بڕیاریشە لە دوو ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەک بکرێت لەگـــــەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سێکتەرە جیاوازەکانی وەزارەت بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکان .
(IFC) ڕێکخراوێکی بەخشەری نێودەوڵەتییە و دامەزراوەیەکی سەر بە بانکی نێودەوڵەتییە و پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکان دەکات و پێشتر لە ھەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکیان لە بواری وزە ئەنجامداوە و لەئێستادا تیمێکیان لە کوردستانن بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند بەرنامەیەک سەردانی وەزارەت و شوێنە حکومیەکان دەکەن .