وەزیری بازرگانی و پیشەسازی: دەمانەوێت پەرە بە سێکتەری پیشەسازی بدەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی (IFC) ی سەربە بانکی جیهانیی کۆبوویەوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی دۆخی پیشەسازی و وەبەرهێنان و دیاریکردنی ستراتیجی سێکتەرە جیاوازەکان بوو لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە کە خزمەتگوزاری لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ڕاوێژکاری پێشکەش بە کەرتی تایبەت لە وڵاتانی کەمتر پەرەسەندوو دەکات.
لە دیدارێکدا باس لەو سێکتەرە جیاوازانە کرا کە توێژینەوەیان لەسەر کردوون و لە دەرئەنجامدا توانیویانە ستراتیژی کاری لەپێشینە بۆ هەر بوارێک دابنێن و هەنگاو بۆ هاوکاریکردنی وەبەرهێنەران بۆ خستنە بواری کرداری بەتایبەت سێکتەری کشتوکاڵی و پیترۆکیمای و کەرەستەی کانزایی هەڵگرن و ئاماژەشیان بەوەدا کە ٣٥%ی کۆی سەرمایەی بەکارهاتویان لە عێراقدا، بۆ هەرێمی کوردستان خستووەتەکار .
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە پێویستی زانی کە زیاتر برەو بە پیشەسازی و پرۆژەی بچووک و مام ناوەند بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستییە ناوخۆییەکان پڕبکرێنەوە و گوتی:'' تا پرۆژە و پیشەسازی بچووک و مام ناوەند پەرەی پێنەدرێت پرۆژە گەورەکان سەرکەوتوو نابن. ئێمە لە کاتێکدا کە خاوەنی چەندین سەرچاوەی باشین بۆ پیشەسازیی، دەتوانین ئەو سێکتەرە بکەینە جێگرەوەی سێکتەری پیشەسازی نەوت و لەو ڕێگەیەوە داهات زیاد بکەین و بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی پشتی پێببەستین.''
کەمال موسلیم راشیگەیاند، ستراتیژ و پلانی وەزارەت بەپێی بازاڕو پێویستی دەبێت، نەک لەسەر داواکاری بازرگان و وەبەرهێنەران وگوتیشی:''هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قۆناغی گەشەسەندنی پیشەسازیدایە، بۆیە دەمانەوێت پەرە بە بونیاتی پیشەسازی بدەین و دیدی ئێمە بەو ئامانجەیە و جیاوازە لەدیدی کەسێک بیەوێ قازانج بکات لەڕێگەی کەرتی پیشەسازییەوە.''