كۆمپانیا ژاپۆنییەكان وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئاژانسەکانی جایكا و جێترۆی یابانی و چەند کۆمپانیایەکی تری ژاپۆنی کرد و گفتوگۆ لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی كاركردن و هێنانی بەرهەم و پڕۆژەی تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا راوێژكاری پەیوەندییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی پیشەسازی ئامادەی بوون، نوێنەری كۆمپانیاكان باسیان لە كار و پرۆژە و بەرهەمەكانیان كرد كە لە زۆر بواری جیاجیا توانیویانە كارەکانیان بهێننە كوردستان و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بتوانن زۆرترین وەبەرهێنان و پێداویستی و بەرهەمی كۆمپانیاكانیان بهێننە ناوخۆی عێراق و كوردستان.
هەروەها باس لە گرفتی بەردەم كارەكانیان كرا، هەروەها پێشنیاری هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵیشیان كرد لە رڕگەی كۆمپانیاكانیانەوە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژەی بە كارئاسانیكردنی تەواوی حكومەتی هەرێمی کوردستان كرد بۆ كۆمپانیا ژاپۆنییەكان و گوتی: "كەشی گونجاوی كاركردن دەرفەتێكی باشی بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بە گشتی و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بە تایبەتی ڕەخساندووە تاوەكو كار و بەرهەمەكانیان لە هەرێمی كوردستان پێشبخەن". دڵنیایی هاوكاری و كارئاسانیشی دایە ئامادەبووان بۆ هەر جۆرە پڕۆژەیەكی كە خزمەت بە پێشكەوتنی ناوچەكە بكات.