Skip to the content

دوو یاداشتی لێکتێگەشتن لە نێوان وەزارەتی بازرگانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ واژۆدەکرێت

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- - رۆژی یەکشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ وەزیری بازرگانی حکومەتی فیدڕاڵ کۆبویەوە.

لە کۆبونەوەیەکدا دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی و کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دروستکراوی دانەوێڵە واژویان لەسەرکرا.
 
بەپێی رێکەوتنە پێویستە بۆ لەمەودوا ئەو بڕە پارەیەی کە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ خۆراک و ئارد بۆ بەغدا بگەڕێتەوە و لە بەرامبەردا بەغدا هەڵدەستێت بە سەرپەرشتیکردنی داگرتن و بارکردن و گەیاندنی خۆراک و ئارد بەهاووڵاتییان وتێچوەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایانە.
هەروەها پاداشتی ماددی و هەموو جۆرە هاوکارییەک دەدرێت بە فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی هەرێمی کوردستان کە تایبەتمەندن بەو کارانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی و دابین کردنی هەموو پێداویستیەکانی ئەوبەڕێوەبەرایەتیانە.

لەگەڵ ئەوەشدا کۆگاکانی خۆراک نۆژەن دەکرێنەوە و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت و جگە لەوانەش هەر پاداشت وهاوکارییەک بۆ فەرمانبەرانی شارەکانی تربێت ئەوانەی هەرێمیش بگرێتەوە.

هەروەها هەر لیژنەیەک پێکبێت بۆ بەدواداچوونی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوبەڕێوەبەرایەتیە گشتییە، دەبێت بەهەماهەنگی وئاگاداری یەکتر بێت وئەندامێکی لیژنەکە لە هەڕێمی کوردستان دیاری بکرێت.