شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشداری لە كۆڕبەندی بازرگانی و وەبەرهێنان لە توركیا دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، هەردوو بریكارانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەروەر كمال هاواری و علی عثمان، بەشداریان لەشەشەمین كۆڕبەندی بازرگانی و وەبەرهێنەران کرد.
ئەو کۆڕبەندە لە لایەن كۆمەڵەی پیشەسازیكاران و پیاوانی كاری عێراقی-توركی لە شاری مێرسینی توركیا ڕێكخرابوو و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە کۆڕبەندەکەدا چەندیین تەوەرەی گرنگی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووری نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا گفتووگۆیان لە بارەوە كرا و خاڵ و پێشنیازی بەسوود لە بەرژەوەندی گەشەی بازرگانی و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات خرانە ڕوو.
جێگەی ئاماژەیە لە چوارچێوەی شاندی هەرێی کوردستان هەریەک لە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، وەزیری ئاوەدان كردنەوە و ڕێگاوبان و پارێزگاری سلێمانی وسەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك لەگەڵ دەیان بازرگان و خاوەن كار لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەشدارییان لە کۆڕبەندەکە کرد.