كونسوڵخانەی توركیا و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی باسیان لە پەیوەندیی هاوبەشی بازرگانی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، پێشوازی لە كەرەم توزلۆر، پاشکۆی كونسوڵخانەی گشتیی توركیا بۆ كاروباری بازرگانی و كەمال بەهادر پاشكۆی كونسوڵخانەی گشتیی توركیا بۆ كاروباری بازرگانی گومرگ و شاندێكی یاوەریان کرد.
لە سەردانەكەدا كە هەریەك لە ڕاوێژكارانی یاسایی و پەیوەندیەکانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی ئامادەبوون، چەندین تەوەرەی گرنگی پەیوەندار بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا باسیان لێ کرا.
بەو پێیەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق ساڵانە دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار و بە وڵاتی دووەم لە پاش ئەڵمانیا دێتە ژمار، پەیوەندیی بازرگانیی هەردوولا لایەنی گرنگی باسەکان بوو.
هاوكات شاندی میوان ڕۆڵی وەزارەت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لە پتەوكردنی پەیوەندیەكان و درووستكردنی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان بازرگانانی هەردوولا بەرز نرخاند، بریكاری وەزارەتیش سوپاسی ڕۆڵی كونسوڵخانەیان كرد كە لە ڕێگەی خۆیانەوە ئاسانكاری و پەیوەندیی بەردەوام بۆ بازرگانان و خاوەن كارەكانی هەردوولا فەراهەم دەكەن.