بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی بەشی ناوخۆی هەرێم دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- پێنجشەممە، ڕیکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، بەشداریان لە پێشانگایەکی هاوبەشی بواری بیناسازی لە سلێمانی کرد، کە لە حەوت دەوڵەتی جیاوازی وەک: کوێت، کەنەدا، چین، مالیزیا و هەرێمی کوردستانەوە بەشداریان کردبوو.
تێیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ بەشداربووان، گرنگیی هەبوونی ئەم جۆرە کۆمپانیایانەی بۆ گەشەسەندنی بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، وە پاڵپشتیکردنی خۆی و تیمەکانی وەزارەتی دەربڕی.
هەروەها گوتی "ئاستی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لە ناوخۆی هەرێمدا زۆر باشە و دەتوانین بڵێین بەشی پێویستی دەکات، هەر کارێکیش پێویست بێت، بۆ باشترکردنی دەیکەین."
لەبارەی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان و کوالێتییەکەی، ڕایگەیاند "ئەو سەبەتە خۆراکەی لە هەرێم دابەشدەکرێت، لە ڕووی بڕ و جۆرەوە، هەمان سەبەتەی خۆراکە کە لە ناوچەکانی تری عێراق، دابەشدەکرێت."